Sercan İrkin
17 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2026
باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە و نوێنەری ئەو وڵاتە بۆ کاروباری سووریا و عێراق تۆم باراک، هێرش بۆ سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێم مەسرور بازرانی بە توندترین شێوە سەرکۆنە کرد.
تۆم باراک لە هەژماری پلاتفۆڕمی کۆمەڵایەتی X کە ناوەندەکەی لە ئەمریکایە، پەیامێکی لەبارەی هێرشە دڕۆنییەکەی سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن لە هەولێر بڵاو کردەوە.
باراک ڕایگەیاندووە کە هێرشەکە بە توندترین شێوە ئیدانە دەکەن و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەوە ڕاستەوخۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکات و ئەوەش "قبوڵنەکراوە".
تۆم باراک ڕاشیگەیاندووە کە لەو جۆرە هێرشە دووژمنکارییانە خۆش نابن و هاتووە: "پشتیوانی تەواو لە سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی دەکەین بۆ بونیادنانەوەی سەروەری عێراق و خستەژێر ڕکێفی هەموو گرووپ و لایەنە چەکدارەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت".
دژەتیرۆری ھەرێمی کوردستان-عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٦ لە کاتژمێر ٠٠:٢٨، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-١١٠) لە دیوی سنووری ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمام سەربە پارێزگای ھەولێر کراون.