Rawan Subhi Obaiullah
26 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2026
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دهۆک، پیر دەیان جەعفەر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)، ناوی ٤١٠ خێزانی ئاوارەی شنگال کە لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆکدا دەژین تۆمار کراون، کە بەم نزیکانە دەگەڕێنەوە شنگال.
پیر دەیان جەعفەر، ئاماژەی بەوەش کرد: " تۆمارکردنی ناوەکان تاوەکو مانگی دوانزەی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت و سەرجەم خێزانەکان ئازادن بە ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ھاوکات وەک پاڵپشتییەکیش، بڕی ملیۆنێک و پێنچ سەد ھەزار دینار پێشکەشی ھەر خێزانێکی گەڕاوە دەکرێت".
هێشتا ١٥ کەمپی ئاوارەکانی شنگال لە دهۆک ماونەتەوە کە ٢٠ هەزار و ٨٤٠ خێزان (نزیکەی ١١٠ هەزار کەس) لەخۆ دەگرن، هەروەها لە دەرەوەی کەمپەکانیش ٣٥ هەزار خێزان (نزیکەی ١٦٠ هەزار کەس) هەن، کە کۆی گشتییان لەناو و دەرەوەی کەمپەکان دەگاتە ٢٧٠ هەزار کەس.