Zana Natık Kerem
17 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2026
دامەزرێنەری ھاوپەیمانی سەروەریی سوننە لە عێراق، خەمیس خەنجەر ئەو ھێرشەی کە لە ئێرانەوە لە ڕێگای ئاراستەکردنی دوو دڕۆنی بۆمبڕێژکراوە کرایە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام، بە پێشھاتێکی مەترسیدارە لەقەڵەم دا و ڕایگەیاند، ئەو ھێرشە دەستدرێژکردنە بۆ سەر سەورەیی عێراق و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان.
خەمیس خەنجەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "ئەو ھێرشەی کە لە ڕێگای ئاراستەکردنی دوو دڕۆنی بۆمبڕێژکراوە کرایە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام، پێشھاتێکی مەترسیدارە و دەستدرێژکردنە بۆ سەر سەورەیی عێراق و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا ھەڕەشەیە بۆ سەر دامەزراوە و سەرکردەکانی وڵات".
دامەزرێنەری ھاوپەیمانی سەروەریی سوننە داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کراوە کە بەرپرسیارێتی خۆی لە وەستاندنی دەستدرێژییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی و ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات، ھەروەھا داواشی کردووە کە سنوورێک بۆ ئەو دڕۆن و مووشەکانە دابنرێت کە وەک ئامرازێک بۆ ھەڕەشەی سیاسی و لاوازکردنی سەروەری وڵاتان بەکاردەھێنرێن.
خەمیس خەنجەر جەختی لەوەش کردووەتەوە: "پاراستنی ھە رێمی کوردستان بەرپرسیارێتییەکی عێراقی و نیشتیمانییە، ھەروەھا ئاسایشی ھە رێمی کوردستان بەشێکە لە ئاسایشی تەواوی وڵات، بۆیە دەبێت ھەڵوێستێکی جیددی عێراقی و نێودەوڵەتی ھەبێت بۆ کۆتاییھێنان بەو ھێرشە بەردەوامانەی کە دەکرێنە سەر ھەرێم، چونکە ئەو ھێرشانە بوونەتە مایەی ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و بۆ سەر ئاسایشی عێراق دروست".
پێشتر دژەتیرۆری ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بە دوو دڕۆن ھێرشکراوەتە سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن لە پیرمام، بەڵام ھێرشەکە ھیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.